ڕێبین حه‌سه‌ن
هه‌لومه‌رجی دوای سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی سارد نه‌ك بۆ دوو زلهێزه‌كه‌ی ئه‌و كاته‌ی جیهان مایه‌ی قوڵ بوونه‌وه‌ی ململانێ و دژایه‌تییه سه‌رسه‌خته‌كان بوو، به‌ڵكو قۆناغێك بوو پێویستی به‌وه هه‌بوو كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران هه‌ریه‌كه و له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه ستراتیژییه‌كانی خۆیانه‌وه به دوای دۆزینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نوێ ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پشتی پێ ببه‌ستن و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕوداو و گۆڕانكاری و پێشهاته‌كاندا یه‌كبگرنه‌وه، بێگومان ئه‌مریكیه‌كان له ڕوانگه‌ی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیانه‌وه و بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه به‌هۆی به‌شێك له سستبوونی مه‌به‌سته شاراوه‌كانیان له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بگره له پێناوی سوود وه‌رگرتنیش له سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت له ناوچه‌كه و بۆ ئه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت نه‌توانێت زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌یه‌نن، له سه‌رده‌می هاری تروماندا بۆ یه‌كه‌م جار هه‌نگاوه‌كان به ئاڕاسته‌نی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێك بۆ جوله‌كه هاورده‌كانی جیهان له ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و دواتریش هه‌نگاو به‌ره‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندی نوێ له‌گه‌ڵ توركیا نرا، له‌و كاته‌شه‌وه هه‌ردوو وڵات ئاسۆی ده‌ركه‌وتنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان گه‌شه‌كردنێكی باشی به‌خۆوه بینی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕی و ئه‌مه‌ش دوو لایه‌نی پۆزه‌تیڤی بۆ ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت جیهانی پێش هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت هه‌بوو كه‌ئه‌وانیش:
1. به هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی ته‌لئه‌بیب و ئه‌نقه‌ره باشتر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یتوانی مه‌به‌سته‌كانی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێنێته دی، له ڕێگه‌ی به بنبه‌ستكردنی هه‌وڵه‌كانی ڕوسیا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت سوود له به‌نده‌ره ئاویه‌كانی هاوسنووری هه‌ردوو وڵات وه‌ربگرێت، واته له‌ڕێگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی جومگه گرنگه‌كانی جیۆپۆله‌تیكی توركیا و ئیسڕائیله‌وه، ئه‌مریكا تا ڕاده‌یه‌كی باش توانی ئامانجه‌كانی بخاته بواری پڕاكتیكیه‌وه .
2. به نزیك بوونه‌وه‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌و دوو وڵاته ده‌روازه‌كانی به‌رده‌م كارابوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌لئه‌بیب و ئه‌نقه‌ره كرایه‌وه و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كرا له‌وكاتانه‌دا ڕوویدا، كاتێك یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گه‌وره‌ترین گورزی ئابووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی لێكه‌وت و تووشه دابڕانێكی گه‌وره بوو، كه دواتر ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه هۆی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و سه‌ركردایه‌تی جیهان كه‌وته ده‌ست ئه‌مریكاوه.
به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوه‌كانی ئه‌مدوواییه‌ی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی توركیا و ئیسڕائیل درێژه‌ی نه‌كێشا و شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته كه لاوازبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته ئه‌مریكاش زیانی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی غه‌زه كه بووه سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سپێكێكی نێگه‌تیڤ بۆ ته‌لئه‌بیب و ئه‌نقه‌ره، ئه‌مه‌ش به دیوێكدا ڕه‌نگه ده‌رئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكرا و له ئێستا خراپتر بێنێته ئاراوه، چونكه نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی ( ئه‌مریكا، ئێران، وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و بزووتنه‌وه‌كانی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و جزبوڵای لوبنانی پێوه به‌نده ) ، واته توندتربوونه‌وه‌ی ناكۆكی و دژایه‌تیه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی توركیا و ئیسڕائیل له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی هێزه ده‌ریاوانه‌كانی حوكمه‌تی ته‌لئه‌بیب بۆ سه‌ر كه‌شتیگه‌لی ئازادی كه بووه هۆی كوژرانی چه‌ند هاوڵاتیه‌كی توركی، به جۆرێك ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كردووه به دوو به‌ره‌ی فراوانی ململانێ و به‌شێك له چاودێرانی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تیش پێان وایه كه ململانێكانی هه‌ردوو وڵات هیچی كه‌متر نییه له‌و ڕه‌وشه‌ی كه له قۆناغه‌كانی شه‌ڕی ساردا له نێوان دوو نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستی‌دا بوونی هه‌بووه و پێناچێت كه له ماوه‌یه‌ی نزیكی ئاینده‌دا ئه‌و دۆخه هه‌ستیاره بگاته چاره‌سه‌ر.
له داوجاردا ڕاستیه‌ك كه ناكرێت له‌یاد بكرێت ئه‌وه‌یه كه هه‌ر درێژه كێشانێكی ئه‌م ڕه‌وشه ناجێگیره‌ی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین پێشهاتی نوێ و جگه له هاتنه ئارای فه‌زایه‌كی پڕ له ناكۆی زیاتر، هاوكات ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌مریكا و ئێرانیش به حوكمی بوونی نزیكایه‌تیه‌كی ڕێژه‌یی له بوونی گرفته‌كانی حوكمه‌تی ته‌لئه‌بیب و ئه‌نقه‌ره ئاستی ده‌ست تێوه‌ردانه ئیقلیمی و ده‌ره‌كیه‌كانیان له ناوچه‌كه‌دا ئاستی پێوانه‌یی گرژیه‌كانیش ده‌خه‌نه چوارچێوه‌یه‌كی نوێی توندی ململانێی هاوكێشه سیاسیه‌كان.
* به‌كالۆریۆس له ڕاگه‌یاندن