|
پریماکۆڤ : ئه‌نجومه‌نێک له نێوان بازرگانانی هه‌رێمی کوردستان و ڕوسیا پێکده‌هێنرێت
Sunday, 05.11.2008, 01:20pm (GMT)
له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان یه‌ڤگینی پریماكۆڤ سه‌رۆكی ژووره بازرگانییه‌كانی روسیا، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد‌و له‌لایه‌ن عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا.
له دیدارێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنێتی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی بازرگانی، ئابووریی‌و سیاسی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و روسیای فیدراڵ كرا، له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی بۆ وه‌فدی میوان خسته‌ڕوو كه له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له كوردستان‌و چۆنێتی كاركردنیان په‌سه‌ندكراوه، دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له یه‌ڤگینی پریماكۆڤ سه‌رۆكی ژووره بازرگانییه‌كانی روسیا‌و عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان بۆ راگه‌یاندنه‌كان سازدا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوای ئه‌وه‌ی خۆشحاڵی خۆی به سه‌ردانی پریماكۆڤ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، ئاماژه‌ی به ڕۆڵی پریماكۆڤ كرد له هاوكاریكردنی كوردستان‌و په‌یوه‌ندی له‌مێژنه‌ی نێوان پریماكۆڤ‌و سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هیواشی خواست ئه‌و سه‌ردانه‌ی پریماكۆڤ ببێته هۆكاری باشتركردنی په‌یوه‌ندییه ئابووریی، بازرگانی‌و سیاسییه‌كانی نێوان كوردستان‌و روسیا.
دواتر یه‌ڤگینی پریماكۆڤ ناوه‌رۆكی دیداره‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌توو گرنگ وه‌سفكرد بۆ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڵێنی له‌سه‌ر دراوه. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نێك له‌نێوان بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان‌و روسیا پێكده‌هێنرێت بۆ باشتركردن‌و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه ئابووریی‌و بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو چۆنێتی هاندانی كۆمپانیا روسییه‌كان بۆ كاری وه‌به‌رهێنان له‌كوردستاندا، پریماكۆڤ ئاماژه‌ی به‌و ئه‌نجومه‌نانه كرد كه له روسیا هه‌یه‌و ژماره‌یان زیاتر له 150 ئه‌نجومه‌نه‌و له‌ژووره بازرگانییه‌كانی نێوان روسیا‌و وڵاتانی دنیا پێكهاتووه بۆ تووندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان.
له وه‌ڵامی پرسارێكدا سه‌باره‌ت به سستی رۆڵی كۆمپانیا روسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی ژووره بازرگانییه‌كانی روسیا هیوایخواست دوای ئه‌و سه‌ردانه رۆڵی سه‌رمایه‌دارو كۆمپانیا روسییه‌كان به‌دیار بكه‌وێت بۆ به‌شداریكردن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستاندا، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌و رێكه‌وتنی لێكتێگه‌یشتنه كرد كه له نێوان ژووره بازرگانییه‌كانی روسیا‌و هه‌رێمی كوردستاندا ئیمزاكراوه.
Source: Kurdsat; Serwan H.
|