
پڕۆژه یاسای دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون بۆ دانیشتوان له‌هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسای ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه پێشكه‌ش كراوه په‌سند كرا.په‌سه‌ند كردنی ئه‌م پرۆژه یاسایه له‌دانیشتنی ژماره 23 دا هات كه‌پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 3/6/2008 به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی د. كه‌مال كه‌ركوكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فرسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو.
له‌دانیشتنه‌كه دا كه وه‌زیرانی دارایی و هه‌رێم بۆكاروباری په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، به‌رنامه‌ی كار بریتی بوو له‌سێ خال، خاڵی یه‌كه‌م به‌رده‌وام بوونی گفتوگۆبوو له‌سه‌ر پرۆژه یاسای دابینكردنی شوێنی نیشته‌جێبوون بۆ دانیشتوان له‌هه‌رێمی كوردستان، خالی دووه‌میش تایبه‌ت بوو به‌هه‌مواركردنی یاسای كرێی خانووبه‌ره ژماره 87 و خالی سێیه‌میش بریتی بووله هه‌مواركردنی یاسای باجی ده‌رامه‌ت.
دوای ئه‌وه‌ی له‌دانیشتنی پێشوودا چه‌ندین بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر مادده‌ی شه‌شه‌می ئه‌سڵی پرۆژه‌كه، كه‌بووه مادده‌ی چواره‌م هاته ئاراوه، لیژنه‌ی شاره‌وانی پێشنیازیكرد، خاوه‌نی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆی نه‌بێت تا 10 ساڵ بیفرۆشێته‌وه، ئه‌و پێشنیازه كه بووه برگه‌ی سێیه‌می مادده‌كه‌و له‌لایه‌ن لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زیری داراییه‌وه پشتگیری لێكراو له‌ئه‌نجامدا به 44ده‌نگ به‌رامبه‌ر 29 ده‌نگ په‌سندكرا.
دواتر له‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكی په‌رله‌مان برگه‌یه‌كی دیكه بۆ مادده‌كه زیادكرا، به‌پێی ئه‌و برگه‌یه هه‌ر خاوه‌ن شووققه‌یه‌ك كۆچی دوایی بكات ئه‌وا له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزی شوققه‌كه‌ی ده‌به‌خشرێت، ئه‌و پێشنیازه به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
دوو برگه‌كه‌ی دیكه‌ی مادده‌ی چواره‌م باس له‌وه‌كراوه كه كریار پێشه‌كی 10%ی پاره‌ی خه‌ملێنراو ده‌دات وباقیه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی 25ساڵدا ده‌بێت بداته‌وه‌و به‌زیادكردنی دووبرگه‌ی دیكه مادده‌كه به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
مادده‌ی حه‌وته‌می ئه‌سڵی پرۆژكه‌ش، كه بووه مادده‌ی پێنجه‌م وتێیدا چۆنیه‌تی رێكخستنی پێدانی قه‌رز بۆ پرۆژه‌كه روونكراوه‌ته‌وه، لیژنه‌ی یاسایی پێشنیازیكرد مادده‌كه بگۆردرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی لێبێت: وه‌زاره‌تی دارایی پاره‌ی پێویست ده‌خاته به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه بۆ دروستكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون و په‌سندكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ش به‌كۆی ده‌نگ بوو.
مادده‌ی هه‌شته‌می ئه‌سڵی پرۆژه‌كه، كه باس له‌وه ده‌كات ده‌بێت وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌ماوه‌ی 2ساڵ له‌مێژووی پێدانی پاره‌ی پێشه‌كییه‌وه شووققه‌كان دروست بكات و مادده‌ی نۆیه‌می ئه‌سڵیش تێیدا ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه، كه شووققه‌كه به‌موڵكی سرف تۆمار ده‌كرێت، دوای پشتگیریكردنی لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زیری دارایی، هه‌ردوو مادده‌كه بوونه مادده‌ی شه‌شه‌م وحه‌وته‌م وبه‌كۆی ده‌نگ په‌سندكران.
مادده‌ی ده‌یه‌می ئه‌سڵی پرۆژه‌كه كه‌بووه مادده‌ی هه‌شته‌م، كه‌تێیدا هاتووه بۆ یه‌ك جار خاوه‌ن شووققه له‌ره‌سمی تۆماركردن ده‌بووردرێت، هیچ تێبینییه‌ك له‌باره‌ی مادده‌كه نه‌خرایه‌روو به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی یاسایی، كه له‌لایه‌ن لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه پشتگیری لێكرا، هه‌ر سێ مادده‌كانی (یانزه‌و دوانزه‌و سێزده)ی ئه‌سڵی پرۆژه‌كه به‌كۆی ده‌نگ لابردران.
مادده‌كانی 14و15و16 ی ئه‌سڵی پرۆژه‌كه، كه‌بوونه مادده‌كانی نۆیه‌م وده‌یه‌م ویانزه‌یه‌م تایبه‌تبوون به‌حوكمه كۆتاییه‌كان به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكران.
له‌كۆتایشدا هۆكاره‌كانی ده‌رچوون وكۆی پرۆژه‌كه پێكه‌وه خرانه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكران.
له‌باره‌ی په‌سندكردنی پرۆژه یاساكه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌خه‌ڵكی كوردستان كرد‌و داوای كرد حكومه‌ت هه‌نگاوی به‌په‌له بهاوێژێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه.
پاشان له‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ دواخراو خاڵی سێیه‌م جێگای خاڵی دووه‌می گرته‌وه، كه‌بریتیبوو له خستنه‌روو گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ی هه‌مواركردنی یاسای باجی داهات.
به‌هۆی نارۆشنی به‌شێك له‌پرۆژه‌كه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌لیژنه‌ی یاسایی كرد به‌شێوه‌یه‌كی پوخت و ورده‌كاریی راپۆرتی خۆیان دابرێژنه‌وه، بۆیه پێشنیازی دواخستنی گفتوگۆكردنی پرۆژه‌كه خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران وبه‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌مشێوه‌یه دانیشتنی ئه‌مرۆی په‌رله‌مان كۆتایی به‌كاره‌كانی خۆی هێناو بریاریشه رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو دانیشتنی په‌رله‌مان به‌رێوه‌بچێت وتایبه‌ت بێت به‌هه‌لسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی خولی گرێدانی یه‌كه‌می سالی سێه‌م له‌خولی دووه‌می هه‌لبژاردنی په‌رله‌مان .