|
مام جه‌لال : ره‌شنوسی ڕێککه‌وتنی ئه‌منی نێوان ئه‌مریکاو عێراق خراوه‌ته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی سیاسی عێراق
Wednesday, 08.27.2008, 10:52am (GMT)
مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند: نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ره‌شنووسی رێككه‌وتنه ستراتیژییه‌كه‌ی نێوان عیراق و ئه‌مریكای خستۆته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی سیاسی عیراق و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه تاووتوێی ئه‌و ره‌شنووسه‌ی كردووه. له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لحوره ئه‌مڕۆ 26/8 له‌واشنتۆن سه‌رۆك تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: حكومه‌تی عیراق به‌ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان و گه‌لی عیراق، ده‌یه‌وێت ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژییه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ئیمزابكات. سه‌رۆك تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه چه‌ند ناكۆكیه‌كی كه‌م له‌باره‌ی شێوازی داڕشتنی رێككه‌وتنه‌كه‌وه له‌ئارادان، سه‌باره‌ت به‌بوونی هێزه بیانیه‌كان له‌عیراق و وتیشی: له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا ده‌قێك هه‌یه سه‌باره‌ت به‌كۆتایی هێنانی واده‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له‌عیراقدا. سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی ته‌ندروستیشی، سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتی: سوپاس بۆ خوا باری ته‌ندروستیم باشه‌و زۆر له‌پێشووتر باشترم.
|