|
سه‌رۆک تاڵه‌بانی له چاوپێککه‌وتنێکدا : هیچ لایه‌ک بۆی نییه هه‌ڵوێست و بۆچونمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت
Monday, 11.03.2008, 07:07am (GMT)
سه‌رۆك تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه كه ناوه راسته‌قینه‌كه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه، به‌ته‌واوكردنی سه‌روه‌ریی عێراق له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی (الدائره)ی كه‌ناڵی (العراقیه) كه شه‌وى رابردوو په‌خشكرا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: زۆر كه‌س به‌هه‌ڵه له بارودۆخی راسته‌قینه‌ی عێراق تێگه‌یشتوون‌و ئاگایان له ڕاستییه‌كان نییه، ئێمه وڵاتێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ نین، هێشتا له‌ژێر سایه‌ی هه‌ندێك بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانداین‌و ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر خاك‌و ئاو‌و ئاسمانماندا نییه‌و هه‌موو ئه‌وانه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندایه، ته‌نانه‌ت گرتنی هاووڵاتیانی عێراق له‌ده‌ست هاوپه‌یمانانه. وتیشی: رێككه‌وتنه‌كه هه‌ر سه‌ربازی نییه، به‌ڵكو سیاسی‌و كه‌لتووری‌و ته‌كنه‌لۆژیشه. سه‌باره‌ت به‌بوونی ناكۆكی له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه، سه‌رۆك تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه له عێراقدا ناكۆكی هه‌یه له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی مانه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كان‌و هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیش كاتی ده‌وێت‌و مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌كنیكییه‌و كارێكی ئاسان نییه، له عێراقیشدا بوونی ناكۆكی له بۆچوونه‌كاندا شتێكی ئاساییه، چونكه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیاره. راشیگه‌یاند: پێموانییه كۆده‌نگییه‌ك ببێت له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه، چونكه چه‌ندین حزب‌و لایه‌ن هه‌ن، به‌ڵام پێموایه ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ناوم ناون لایه‌نه میانڕه‌وه‌كان، په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن. له‌باره‌ی سووده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ عێراق، سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتی: دیارترین ئه‌و سوودانه دیاریكردنی كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه تا ساڵی 2011، وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی ته‌سه‌روفكردنی عێراق به‌هێزه‌كانی، وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی به‌سه‌ر ئاسمان‌و ئاو‌و خاكدا، ده‌رچوون له‌ژێر سایه‌ی داگیركاری‌و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و رێگه‌گرتن له ده‌ستگیركردنی هاووڵاتیانی عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه، بۆیه ده‌بووایه ئێمه‌ی عێراقییه‌كان په‌له‌مان بكردایه له‌و رێككه‌وتنه هه‌رچه‌نده ئه‌مریكییه‌كان په‌له‌یان نه‌بوو له ڕێككه‌وتنی له‌مجۆره. سه‌باره‌ت به‌پێشنیازه‌كانی عێراق بۆ رێككه‌وتنه‌كه، وتی: عێراق هێشتا كاتی له‌به‌رده‌مدایه‌و مالكی پێشنیازه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی خسته‌ڕوو بۆ ئه‌مریكا، ئێمه چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌ین‌و له ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنیشدا هه‌ر چوار لامان رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی تاك لایه‌نه ده‌رنه‌بڕین تا وه‌ڵامه‌كان نه‌بینین‌و دیراسه‌ی نه‌كه‌ین. ئه‌و شتانه‌ش كه‌پێشنیازی گۆڕانكاریی تێدا كراوه، بابه‌تی ته‌كنیكی‌و زمانه‌وانی‌و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی حه‌سانه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه له عێراق، داواكارییه‌كانمان له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا داواكاریی نیشتمانیی عێراقین‌و له به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدایه. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: رێككه‌وتنه‌كه لایه‌نی ئیجابی زۆری هه‌یه‌و لایه‌نی سلبیشی هه‌یه، لایه‌نی سلبی ئه‌وه‌یه له حاڵه‌تی ئیمزانه‌كردنی ئه‌وا عێراق زیانی زۆری به‌رده‌كه‌وێت‌و ئه‌و پارێزگارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌سه‌ر پاره‌و سامانی عێراقه، نامێنێت، ئه‌گه‌ریش پێشنیازه‌كانی عێراق قبووڵبكرێت له‌سه‌ری، ئه‌وا ده‌توانین شانازیی پێوه‌بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتوودا. سه‌باره‌ت به‌ڕێگه‌چاره‌ی تر ئه‌گه‌ربێتو رێككه‌وتنه‌كه ئیمزا نه‌كرێت، سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتی: رێگه‌چاره‌ی تر ئه‌وه‌یه داوا له‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ین ساڵێكی تر داگیركاریی درێژ بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: رێككه‌وتنه‌كه كاریگه‌ریی نابێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكاو هه‌ڵوێستی كۆمارییه‌كان‌و دیموكراته‌كان له‌م بواره جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه. سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه، سه‌رۆك كۆمار وتی: سه‌رۆك بارزانی ته‌عبیری له بۆچوونی سه‌ركردایه‌تیی كورد كرد، حزبه كوردستانییه‌كان بڕیاری پشتگیریی رێككه‌وتنه‌كه‌یان دا، واتا هه‌ڵوێستیان راگه‌یاند نه‌ك تاكڕه‌ویكردن له هه‌ڵوێستوه‌رگرتندا. له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا، په‌رله‌مانی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی نییه به‌جیا له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ده‌نگ بۆ په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتنه‌كه بدات، جگه‌له‌وه ناكرێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌رێم بمێننه‌وه بێ ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی عێراق، هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، ناكرێت حكومه‌تی به‌غدا مانه‌وه‌ی هێزه‌كان ره‌تبكاته‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ندی بكات. سه‌باره‌ت به‌هۆكاری لایه‌نگیریكردنی كورد بۆ رێككه‌وتنه‌كه، سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتی: كورد له‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ئارامی‌و جێگیرییه‌ی كه هه‌یه‌تی‌و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ده‌ستێوه‌ردانی دراوسێ له كاروباره‌كانی ناوخۆ، لایه‌نگیریی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی سه‌روه‌ریی عێراق‌و رازینه‌بوونی حكومه‌تی عێراق به‌ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی، سه‌رۆك تاڵه‌بانی وته‌كانی ئاڕاسته‌ی وڵاتانی دراوسێ كرد‌و رایگه‌یاند: بیریان نه‌چێت كه عێراق وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌و ده‌یه‌وێت سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ته‌واوبكات، رازیش نابێت سه‌روه‌رییه‌كه‌ی پێشێلبكرێت‌و مافی هیچ كه‌سێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆچوون‌و هه‌ڵوێستمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، لێشی قبووڵناكرێت، ئێمه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆین‌و مافی ئه‌وه‌شمان هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كان بده‌ین.
كوردستانی نوێ
|