|
سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیری به‌رگری کۆریای باشور په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌کانی هه‌ردوولا تاوتوێ ده‌که‌ن
Saturday, 11.08.2008, 09:01am (GMT)
ئێواره‌ی دوێنێ 7/11 له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه، (لی سان كی) وه‌زیری به‌رگری كۆریای باشور به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێكی باڵا كه پێكهاتبوو له باڵیۆزی كۆریا له‌عیراق و ژماره‌یه‌ك له گه‌وره ئه‌فسه‌ران و پله‌داران له‌ده‌سته‌ی ئه‌ركانی كۆریا گه‌یشتنه هه‌رێمی كوردستان. له‌كاتی گه‌یشتنیان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، فه‌ریقی یه‌كه‌م عومه‌ر عوسمان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌و كه‌ریم سنجاری وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری ناوخۆ‌و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی تر پێشوازی وه‌فده‌كه‌یان كرد. ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی عومه‌ر فه‌تاح جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و عوسمان شوانی وه‌زیری پلاندانان و ژماره‌یه‌ك وه‌زیری تر پێشوازی له وه‌زیری به‌رگری كۆریا كرد، له‌دانیشتنێكدا كه له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگ و هاوبه‌ش گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا له‌وانه‌ش، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆریا له هه‌رێمی كوردستان، دوایین گۆڕانكارییه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی عیراق و كوردستان، هاوكات په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان كۆریاو هه‌رێمی كوردستان-یان تاووتوێكرد. دواتر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كاروچالاكییه‌كانی هێزه‌كانی تیپی زه‌یتون-ی له كوردستان به‌رزنرخاندو سوپاس و پێزانینی خۆشی پێڕاگه‌یاندن بۆئه‌و هاوكارییانه‌ی كه پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان-یان كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه حكومه‌تی هه‌رێم كار ئاسانی كردووه بۆ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان تاكو له‌هه‌رێمی كوردستان كاربكه‌ن، داواشی له كۆمپانیا كۆرییه‌كان كرد كه به‌شداری له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستاندا بكه‌ن. له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وه‌زیری به‌رگری كۆریا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم نیشاندا كه پێشكه‌ش به هێزه‌كانی كۆریای كردووه‌و هیواشی خواست كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه هێزه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمدا دروستیكردووه پته‌وتر بێت و به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت. جێی ئاماژه‌یه به‌پێی بڕیارێكی په‌رله‌مانی كۆریای باشور حكومه‌تی كۆریا بڕیاریداوه كه هێزه‌كانیان له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا له‌عیراق بكشێنێته‌وه، بۆئه‌وه مه‌به‌سته‌ش وه‌زیری به‌رگری كۆریای باشور له‌گه‌ڵ عه‌بدولقادر ئه‌لعوبێدی وه‌زیری به‌رگری عیراق كۆبۆته‌وه‌و میكانیزمی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان تاووتوێكردووه.
|