|
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕێژه‌ی (17%) ی بۆ هه‌رێم په‌سه‌ند کرده‌وه‌و بڕه‌که‌ی نزیکه‌ی 9 ترلیۆن دیناره
Wednesday, 11.12.2008, 11:45am (GMT)
رۆژى سێشه‌ممه 11/11، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پرۆژه‌ی بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2009ی په‌سندكرد كه‌بڕه‌كه‌ی ده‌گاته (79) تریلیۆن دینار‌و دوای مشتومڕێكی زۆر‌و دوای داكۆكیی توندی به‌رپرسه كورده‌كان، بڕیاردرا به‌مانه‌وه‌ی رێژه‌ی (17%) وه‌ك به‌شه بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ده‌كاته (8) تریلیۆن و (865) ملیار دینار، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی بڕی (9) تریلیۆن دینار بۆ نه‌فه‌قاتی حاكمه ته‌رخانكراوه‌و هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌شدا (17%)ی به‌رده‌كه‌وێت. به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا مشتومڕێكی زۆركراوه له‌سه‌ر مانه‌وه یان ده‌ستكاریكردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دواجار به‌كۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان بڕیاردراوه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی به‌ڕێژه‌ی (17%) په‌سندبكرێت تائه‌وكاته‌ی سه‌رژمێریی دانیشتووانی گشتیی عێراق ده‌كرێت. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: مالكی له‌كاتی گفتوگۆكردندا داوای پێداچوونه‌وه‌ی كردووه له‌باره‌ی دابه‌شكردنی بودجه‌و هێمای بۆ بوونی گه‌نده‌ڵی و فرۆشتنی نه‌وت به‌قاچاغ و پابه‌ندنه‌بوون به‌ده‌ستوور له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه. له‌وه‌ڵامی وته‌كانی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانیشدا، د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتوویه‌تی، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی پێداون سه‌رتاپای عێراقیان گرتووه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته هه‌موولایه‌ك چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه بۆ دانانی سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی، نه‌ك بكرێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسی و بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌كاربهێنرێت. له‌وكۆبوونه‌وه‌یه‌دا، لایه‌نه سه‌ربه‌خۆكانی ناو ئیئتیلاف هه‌ڵوێستی توندی ره‌تكه‌ره‌وه‌یان هه‌بووه، به‌ڵام وه‌زیره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و وه‌زیره‌كانی به‌ره‌ی ته‌وافوق هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی داخوازی و مافه‌كانی كورد به‌جێگیركردنی بڕی (17%)ی بودجه ئیجابی بووه. بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2009 بڕه‌كه‌ی بریتییه له(79.034.000.000) دینار‌و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان (17%) ده‌كاته (8.856.634.000) دینار، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی له‌كۆی بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ نه‌فه‌قاتی حاكمه كه‌ده‌كاته (9.148.386.000) دینار هه‌رێمی كوردستان (17%)ی به‌رده‌كه‌وێت
|