
مه‌ريوان عه‌لى
له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م نوسينه ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ووته‌كانى توم تانكريدو، كه‌له‌م رۆژانه‌دا له مێزگردێكدا له‌به‌رده‌م پاڵوێراونى كۆمارييه‌كاندا چه‌ند بۆچونێكى چاوه‌روانكراوى راگه‌ياند. ئه‌و كه جێگرى حزبى كۆمارييه‌كانه و پاڵێوراوى ئه‌وانه بۆ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، له‌و مێزگرده‌ى له به‌روارى6/8/2007 له ولايه‌تى ئايوا سازدرا چه‌ند سه‌رنجێكى ده‌ربرى كه جياواز بوو له تێروانينى هه‌موو به‌شداربوان و پاڵێوراوان، تانكريدو ووتى (هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌رى به‌ره‌نگارى ئه‌تۆمى له‌سه‌ر مێز دووربخاته‌وه قابيلى ئه‌وه نييه ببێته سه‌رۆكى ووڵاته يه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ريكا) تانكريدو باوه‌رى وايه ئيسلامييه توندڕه‌وه‌كان هه‌ره‌شه‌يه‌كى راسته‌وخۆن بۆ سه‌ر ووڵاته يه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ريكا، به‌لاى ئه‌وه‌وه ئيسلامييه‌كان له‌نه‌خشه‌سازى دانانى پلانێكن بۆ لێدانى ئه‌مه‌ريكا به‌چه‌كى ئه‌تۆمى، بۆيه ئه‌و ده‌ڵێت(پێم وايه هێرشێكى له‌و جۆره‌ى تيرۆريستان دژ به وڵاته يه‌كگرتوه‌كان زۆر نزيكه رووبدات، بۆيه پێويسته وڵاته يه‌كگرتوه‌كان به‌شێوه‌يه‌كى خێرا ئه‌و كرده‌وه‌يه بوه‌ستێنێت)، تانكريدو وێنه‌ى ده‌سه‌ڵاتێك ده‌كات، ياخود خۆى بۆ ده‌سه‌ڵاتێك ده‌پاڵێوێت كه تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت لێدانى جه‌رگبرانه له‌و كه‌س و گروپه توندڕه‌وه ئيسلاميانه بدات، كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه‌ى راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ريكا ئه‌و ده‌ڵێت(ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره به‌ده‌ست من ده‌بوو ئه‌وا به‌راشكاوانه هه‌ره‌شه‌م ده‌كرد كه‌وا هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر وولآته‌كه‌مان ئه‌وا راسته‌وخۆ به هێرشكردنه سه‌ر مه‌كه و مه‌دينه وه‌ڵامده‌ده‌ينه‌وه) چونكه به‌لاى ئه‌وه‌وه(ئه‌وه تاكه شتێكه كه به‌ره‌نگارى هه‌ر كه‌س و لايه‌نێك ببێته‌وه‌كه هێرش بكاته سه‌ر وڵاته يه‌كگرتوه‌كان)، تانكريدو ده‌مێكه ئه‌م باوه‌ڕه‌ى لا دروست بووه، ئه‌و له ساڵى 2005دا له چاوپێكه‌وتنێكى راديۆیی ئه‌مه‌ريكادا له وه‌ڵامى پرسيارێكدا، داخۆ پێويسته وه‌ڵامى ئه‌مه‌ريكا چى بێت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هێرشى كرايه سه‌رى له‌لايه‌ن ئيسلامييه توندڕه‌وه ئسوڵييه‌كانه‌وه له وه‌ڵامدا وتبوى (يه‌كێك له وه‌ڵامدانه‌وه چاوه‌روانكراوه‌كان بريتيه له خاپوركردنى شوێنه پيرۆزه‌كانيان) بێژه‌رى به‌رنامه‌كه لێی ده‌پرسێت داخۆ مه‌به‌ستى(مه‌كه)يه له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت(به‌ڵا).
ئه‌گه‌ر له‌و مێزگرده‌ى 6/8/2007 واز له‌و وه‌ڵامانه‌ى پاڵێوراوێكى تر‌ى كۆمارييه‌كان به‌ناوى تومى سۆمبسون بهێنين كه زياتر سياسيانه و لۆژيكيانه وه‌ڵامى تانكريدوى دايه‌وه به‌وه‌ى كارێكى له‌و چه‌شنه ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى مليارێك موسڵمان يه‌كبگرن دژ به ئه‌مه‌ريكا.
بائێستا كه‌مێك تيشك بخه‌ينه سه‌ر ئه‌وه‌ى داخۆ ئه‌م تێروانيينانه هيچ ڕه‌گ و ريشه‌يه‌كى فكرى هه‌يه؟ داخۆ سياسه‌تێك هه‌يه ئه‌م بۆچونانه پشت ڕاستبكاته‌وه؟
بێگومان ، وڵاته يه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا چه‌ندين هاوپه‌يمانێكى ستراتيژى و باو و سه‌ره‌كي هه‌يه، له‌وانه ئيسرائيل و توركيا و ميسر و ئه‌رده‌ن و سعوديه و پاكستان....، ئه‌مه‌ريكا به‌ته‌نها هێزێكى زه‌به‌لاح و به‌هێز و خاوه‌ن ئه‌زموونێكى قوڵى ده‌ستوريى و سياسى و په‌رله‌مانى نييه، به‌ڵكو ئه‌مه‌ريكا هێزێكه كار له‌سه‌ر نه‌خشه ستراتيژييه‌كانى جيهان ده‌كات، جيهان لاى ئه‌مه‌ريكا بريتيه له شوێنگه‌ى په‌راوه‌كردنى هه‌موو سياسه‌ته ده‌ره‌كييه‌كانى، ئه‌مه‌ريكا هێزێكه له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى تر كه ده‌توانێت رێره‌وى ئابورى و سياسى و نه‌خشه‌سازى نوێى جيهان بگۆرێت، ئا له‌م تێروانينه سه‌ره‌تاييانه‌وه كارێكى سانا نييه كه‌سێكى به‌رپرسى وه‌ك تانكريدو ئه‌و قسانه بكات.
تا پێش ماوه‌يه‌ك چه‌ندين بيرمه‌ندێكى ئه‌مه‌ريكى وه‌ك فرانسيس فۆكۆياما له‌و باوه‌ره‌دا بوون كه ئه‌و سيسته‌مه ليبرال ديموكراسيه‌ى له ئه‌مه‌ريكا په‌يڕه‌و ده‌كرێت ترۆپكى هه‌موو سيسته‌مه سياسى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تياكانه له جيهاندا و مرۆڤايه‌تى دواى ئه‌و سيسته‌مه هيچ سيسته‌مێكى ئه‌لته‌رناتيف نادۆزێته‌وه، ، ئه‌و لاى وابوو له‌و سيسته‌مه باشتر و ته‌ندروست تر بۆ مرۆڤايه‌تى بوونى نييه، فۆكۆ ياما له‌م تێروانينه‌يه‌وه بانگه‌شه‌ى كۆتايي مێژووى راگه‌ياند، دوا به‌دواى ئه‌و سموئيل هنتگتون له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌يدا (ململانێى نێوان ژيارييه‌كان) به دورو درێژى باسى ئه‌وه ده‌كات كه ململانێى داهاتوو له نێوان ئايدۆلۆژياكانى وه‌ك ماكسيزم و ليبراليه‌ت ... ئه‌و چه‌مكانه‌دا نابێت به‌ڵكو له نێوان ئاين و شارستانيه‌ته جياوازه‌كاندا ده‌بێت ئه‌و له‌و كتێبه‌دا پێى وايه گه‌ر ململانێى سه‌ده‌ى بيسته‌م له نێوان ليبرال ديموكراسخوازه‌كان و ماركسيه لينينه‌كاندا كارێكى رووكه‌ش و تێپه‌ر بوو بێ ئه‌وا له چاو ئه‌و ململانێيه‌ى قوڵ و گه‌رمه‌ى له نێوان مه‌سيحيه‌ت و ئيسلام‌دا هه‌بووه به‌هيچ جۆرێك به‌راورد ناكرێت، ڕه‌نگه ئه‌م سه‌رنجانه واى له بۆش كردبێت له كاتى كاره‌ساتى يانزده‌ى سێپته‌مبه‌ردا بڵێت ئه‌م شه‌ره له نێوان خاچى مه‌سيحي و ئيسلامييه‌كانى جيهانه.
ئاين زۆر رۆڵى ئيجابى و نه‌گه‌تيفى هه‌يه له ناو كۆمه‌ڵگادا، به‌رده‌وام دابه‌شبوون و كه‌رت بوونى كۆمه‌ڵگا و گۆى زه‌وى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاين، گه‌وره‌ترين هه‌ڕه‌شه و ترس و كوشتارى لێكه‌وتۆته‌وه، مرۆڤ ده‌توانێت زياد له ڕه‌گه‌زنامه‌يه‌ك هه‌ڵبگرێت، تۆ ده‌كرێت كورد بيت و هه‌ڵگرى ڕه‌گه‌زنامه‌ى به‌ريتانيش بيت، به‌لآم ناكرێت له‌يه‌ك كاتدا موسڵمان و مه‌سيح بيت، دابه‌شبوونى ئاين درێژكراوه‌ى رستێك ململانێى قوڵى مێژووييه كه تا ئه‌مرۆيش به‌رده‌وامی هه‌يه، هه‌موو ئه‌و خوێنانه‌ى له قوربانيه‌كان ده‌تكێ به‌جۆرێك له جۆره‌كان مۆركى ئاينى پێوه دياره، دكتۆره وه‌فا سوڵتان كه به ئه‌سڵ خه‌ڵكى سوريايه و خاوه‌نى ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مه‌ريكايه، پێى وايه به‌ته‌نها موسڵمانه‌كان خه‌ڵك له‌سه‌ر بيروباوه‌ر سه‌رده‌برن و ده‌يكوژن، ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌رى هه‌موو ململانێ و بارگرژييه‌كن، لاى وه‌فا موسڵمانه‌كان خه‌رقى جه‌هل بوون و ئاين كوێرى كردوون، ئه‌و پێى وايه به‌شێكى زۆرى هه‌موو ئه‌و دواكه‌وتن و نه‌هامه‌تيانه‌ى به‌سه‌ر جيهانى رۆژهه‌ڵاتدا هاتووه له ئايندا هۆكاره‌كانى ده‌ستنيشانده‌كرێت.
ئه‌وه‌ى واده‌كات ئه‌م سه‌رنجانه و ئه‌وانه‌ى تانكريدو به‌هه‌ند وه‌ربگيرێت، ئه‌و خوێنه ڕژاوانه‌يه كه‌له‌سه‌رده‌ستى ئيسلامييه توندڕه و تكفيريي و جيهادييه‌كانه‌وه، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانى به‌غداد تێكه‌ڵاوى يه‌كتربوون خوێنێكيان هى كه‌سێكى تيرۆريستى ئوسوڵى ئينتحارييه، خوێنێكى تريان هى چه‌ند سه‌ربازێكى ئه‌مه‌ريكيه خوێنێكى تريان هى چه‌ندين هاوڵاتيى عێراقين كه بوونه‌ته قوربانی، له‌كاتێكدا ئه‌وان بۆ كاروكه‌سابه‌ت هاتونه‌ته سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه‌ى به‌غداد كه جگه له بۆنى خوێن بۆنى هيچ كاسبيه‌كى تر‌ى لێنايه‌ت.