نوسینی : هه‌ردی عه‌لی
له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی سیاسی‌دا وته‌یه‌كی به‌رچاویان هه‌یه، ئیسلام تاكه چاره‌سه‌ره! له‌م نوسینه‌دا ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه هه‌ڵوێسته بكه‌ین! له راستیدا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه راده‌وه‌ستین كه ده‌وری ئه‌م تێگه‌یشتنیانه‌ی داوه، بابپرسین ئیسلام چاره‌سه‌ره بۆچی؟
شارستانیه‌تی گه‌لانی موسڵمان وه‌ك هه‌ر شارستانیه‌تیه‌كی تر خاوه‌ن ستراكتۆر و مۆراڵ و ڕه‌فتار و به‌های ئاینی و زه‌مه‌نى و سه‌رسه‌زه‌مینی خۆیانن، ئه‌م شارستانیه‌ته بێ به‌ری نییه له‌و ناكۆكیانه‌ی له هه‌ناوی هه‌ر شارستانیه‌تیه‌كی تردا هه‌یه! پێده‌چێت به‌شێكی زۆری خه‌ڵك بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كۆی ئه‌م شارستانیه‌ته له‌سه‌ر تێكستی قورئان و فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر و ئه‌هلی فقه و ئه‌سحابه‌كان دامه‌زراوه، یان لانی كه‌م له‌م به‌شه‌ی گۆی زه‌وی هه‌وڵێك هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه! هه‌وڵێك رێبه‌رانی ئه‌م بیره خۆیان سه‌د له سه‌د جێبه‌جێی ده‌كه‌ن!
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م شارستانیه‌ته به‌رهه‌می ئه‌قڵی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه، كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه، به‌رهه‌می ئه‌و بیره‌یه كه له‌به‌ره‌به‌یانی مێژووه وه خه‌ریكی هه‌ڵچنینی به‌رد به به‌ردیه‌تی، شارستانیه‌تێكی دابه‌زیوو یان بان مێژوویی یاخود ئیلاهی رووت نییه كه مرۆڤه‌كان ده‌ستیان نه‌بوبێت له دامه‌زرانیدا، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌سه‌ر رێسا و ده‌ستور و میتۆدێكی ئیلاهیانه‌ش (ئیسلام) دابمه‌زرێت ئه‌وا هه‌ر شارستانیه‌تێكی ده‌ستكردی مرۆڤه‌كانه.
به‌ڵگه‌نه‌ویستی دووه‌م كه ده‌مه‌وێت پێی بگه‌م ئیسلام له‌خۆیدا به‌رهه‌می ئه‌م ستراكتۆره‌یه، له دایك بووی زه‌مه‌ن و زه‌مینێكی دیاریكراوه، ئه‌وه‌ی دیاری نه‌كراوه گونجاندن و نه‌گونجاندنێكی به‌و به‌رگ و چوارچێوه‌یه‌ی كه هه‌یه له هه‌ر ساته وه‌ختێكی مێژوویدا بێت، به‌مانایه‌كی رونتر زه‌مه‌نی له‌دایك بوون و باڵاده‌ستی ئیسلام هه‌مان ئاماده‌باشی و زه‌مینه‌ی نییه تا وه‌ك كاتی بڵاوبونه‌وه‌ی ئیسلام له مه‌كه و مه‌دینه یان سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی بتوانێت لانكه و زه‌مینه‌ی له‌به‌بار بۆخۆی هه‌ڵبچنێت.
به‌ڵگه نه‌ویستی سێهه‌م، ئه‌وانه‌ی پێشه‌نگی ئه‌م فكره‌یه ده‌كه‌ن، چ وه‌ك میتۆدێكی خودا په‌رستی، چ وه‌ك رێبازێكی سیاسی به هه‌موو باڵه‌كانییه‌وه كه‌سانی ئاسایین و قابیلی ئه‌وه‌ن هه‌ڵه و تاوان و كاره‌سات بنێنه‌وه، ئه‌وان با به ریش و عه‌مامه و ...بناسرێنه‌وه به‌ڵام له بنه‌ره‌تدا مرۆڤن، نه‌ك په‌یامبه‌ر نین به‌ڵكو له زۆر باردا كه‌سانی دڵ ڕه‌ش و قین له دڵ و تاوانبارن، دروست ئه‌وانه په‌روه‌رده‌ی كلتور و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگای خۆیانن.
كه‌واته ئیسلام له دیدی ئیسلامی سیاسیه‌وه چ جۆه به‌دیلێكه؟
واقعی گۆراوی سه‌ر زه‌وی واقعێكه جیهانی بچوككردۆته‌وه، جیهان له‌دیدی ئه‌م رۆدا پابه‌ندی سێ خاڵی سه‌ره‌كییه:
- باوه‌رهێنان به ئه‌قڵ به‌وه‌ی سه‌رچاوه‌گری : زانست و مه‌عریفه و ته‌كنلۆژیا و بیركردنه‌وه‌یه.
- باوه‌رهێنان به‌وه‌ی هه‌موو رۆژێك گۆرانكاری رووده‌دات، ئه‌مرۆ وه‌ك سبه‌ی نییه.
- باوه‌رهێنان به‌وه‌ی پێشه‌كه‌وتن و شارستانیه‌ت و ئاینده به‌نده به: تواناكانی داهێنان نه‌ك تواناكانی ته‌فسیركردنی ئاین.
ئیتر لێره‌وه هه‌موو خۆ خه‌ریككردنێك به‌وه‌ی ئاین وابه‌سته‌بكه‌ین به هه‌ر كاییه‌كی تر، وه‌ك ئه‌وه وایه لێدانێكی كوشنده بدرێت له‌و بواره، بۆنمونه هه‌موو ته‌فسیرێكی ئاینی بۆ ئابوری ئێستای جیهان و ئه‌م ناوچه‌یه له‌مپه‌رێكه له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئابوری، هه‌موو ته‌فسیرێكی توندڕه‌وانه‌ی ئاینی بۆ پێكهاته و شێوازی ئه‌ندازه‌یی كۆمه‌ڵگا رێگرییه‌كه له‌به‌رده‌م خه‌مڵاندن و گه‌شه‌سه‌ندنی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، له راستیدا هه‌موو تێكه‌ڵ كردنێكی ئاین به فكری سیاسی و پنته‌كانی ده‌سه‌ڵات هیچ نییه جگه له‌به‌رهه‌مهێنانی دیكتاتۆریه‌ت یان فشیزم له ترسناكتیرن به‌رگیدا چونكه:
- ئاین بواری هه‌ڵبژاردن و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز نادات، كه‌واته دیموكراسیه‌ت بوونی نییه.
- ئاین رێگه نادا جگه له‌و مۆراڵ و هه‌ڵسوكه‌وته‌ى هه‌یه شتێكی تر جێبه‌جێبكرێت واته گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی روونادات.
- ئاین رێگه نادات زۆرترین نزیكایه‌تی هه‌بێت له‌نێوان مافه‌كانی ژنان و مافه‌كانی پیاواندا، واته به‌شێكی گه‌وره‌ی دادوه‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسی.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئاین به‌جۆرێك له جۆره‌كان رێگره له‌به‌رده‌م سێ كایه‌ى هاوسه‌رده‌میانه‌ی گرنگ: دیموكراسیه‌ت، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، دادپه‌روه‌ری جه‌نده‌ری. كه‌واته بابپرسینه‌وه ئاین یان به‌دیاركراوتر ئیسلامی سیاسی چ جۆره چاره‌سه‌رێكه؟ چاره‌سه‌رى ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵ به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌و ئازادییه نه‌گات كه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و كرانه‌وه و دیموكراسیه‌ت و دادپه‌روه‌رى به‌رێت، ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌راوردێكیش ته‌ماشای رووداوه‌كان بكه‌ین ده‌بینین بیرى ئیسلامی سیاسی له ئێستادا جگه له توندوتیژى و كوشتن و ترساندن هیچ شتێكی نوێی به‌رهه‌م نه‌هێناوه، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی بیر له كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوخواز و شارستانیانه بكه‌ینه‌وه ده‌بێت بكه‌وینه ئه‌و دیو وه‌ڵامی ئه‌وه‌ى ده‌ڵێت ئیسلام تاكه چاره‌سه‌ره.