|
سۆشیال دیموکرات و ده‌وڵه‌تی ڕه‌فا
Monday, 04.21.2008, 12:36pm (GMT)

راسان عه‌لی
له نێو هه‌موو ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی باسیان له سوشیالیزم و گۆران له سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه به‌ره‌و سیسته‌می سوشیالیستی كردووه، سوشیال دیموكراته‌كان له هه‌موویان ریالیستیانه‌تر ئه‌م بابه‌ته‌یان باسكردووه و شیكردۆته‌وه، سوشیال دیموكراته‌كان ته‌نها به‌وه ناناسرێنه‌وه كه باڵێكی میانڕه و دیموكراسخوازن، له ستراتیژی كاردا له‌گه‌ڵ ئه‌نارشیزمی سوشیالیزم و سوشیالیزمی ماركسزمدا نایه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی واده‌كات ره‌وتی سوشیال دیموكراته‌كان له سوشیالیزمی یۆتۆپی و فابی و مه‌سیحی و ماركسی ... جودا بێته‌وه كۆمه‌لێك تیۆر و ته‌ماشاكردنی دنیایه كه له‌سه‌ر بنه‌مای دادوه‌ری و یه‌كسانی و دیموكراسی و كێشه‌گه‌لێكی نێوده‌وڵه‌تی راده‌وه‌ستێ، واته ئه‌وان پارتی دیموكراتی و میللی و یونیفێرسه‌ڵانه‌ی كۆمه‌لێك پرنسیپن كه ده‌شێت له هه‌موو جیهاندا هه‌وڵی جدی بۆ بدرێت با ته‌ماشای پێناسی پارتی سوشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا بكه‌ین له په‌یره‌وی ناوخۆی ئه‌م پارته‌دا هاتووه "پارتی سوشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا پارتێكی دیموكراسی میللیه، تێده‌كۆشێت له پێناو یه‌كریزی ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن باوه‌ر و بیركردنه‌وه‌ی فیكری جیاجیان هه‌یه، هه‌روه‌ها پشتگیری ئاشتی و ئازادی و ره‌وایی و هاوكاری ده‌كه‌ن له پێناوی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان له نێوان ژن و پیاودا هه‌روه‌ها خه‌بات ده‌كات بۆ پارێزگاریكردن له ژینگه‌ی سروشتی.سوشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا خۆی به به‌شێك ده‌زانێت له بزوتنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سوشیالیست و جزبه سوشیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا"
ئه‌م پێناسه نمونه‌ی پێناس و سڵایدی ئیشكردنی زۆرینه‌ی سوشیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا و جیهانه! سوشیال دیموكراته‌كان بیرله‌وه ده‌كه‌نه‌وه ده‌وڵه‌ت وه‌ك ده‌زگایه‌كی گرنگ، مه‌زن ، به‌توانا، كۆنترۆڵ و بێلایه‌ن و دادپه‌روه‌رانه ێت، لای برنشتاین ده‌وڵه‌ت قودره‌تێكی گه‌وره‌یه ده‌بێت به‌هێزبكرێت هه‌وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیش كه ماركسیه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن هیچ نییه جگه‌له خه‌یاڵپڵاوێك، فردیناند لاساریش لای وابوو ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت یاسا و ژیان و پیوه‌ندییه‌كان رێكبخات، ناكرێت ئه‌م ده‌زگا گرنگه فه‌رامۆش بكرێت و له ژیانی سیاسی‌دا وه‌ده‌ربنرێت، به‌ڵام ئه‌وان واته سوشیال دیموكراته‌كان، هه‌روا كوێران پشتگیری ده‌وڵه‌ت و گرنگی ده‌وڵه‌تیان روونه‌كردۆته‌وه، سوشیال دیموكراته‌كان تێروانێنێكی بابه‌تی و دیاریكراویان هه‌یه بۆ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا كۆمه‌ڵێك پێش مه‌رجیان بۆ ده‌وڵه‌ت داناوه، ئه‌وكات ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ستراتیژی سوشیال دیموكراته‌كاندا ده‌بێته ده‌وڵه‌تی ره‌فا، یاخود خۆشگوزه‌ران، پێشمه‌رجه‌كان بریتیتن له:
- ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵانیه‌ت و یاسا و ده‌ستورێكی مرۆڤدۆستانه بینا بكرێت.
- ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسه‌ته‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌ربگرێت .
- ده‌وڵه‌ت ده‌بێت پابه‌ندی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ بێت.
- ده‌وڵه‌ت پێویسته لانی زۆری جیاوازییه‌كانی نێوان كلاسه‌كانی كۆمه‌ڵ كه‌م بكاته‌وه، ئه‌و وه‌ك ده‌سه‌ڵات و یاسا و سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌بێت له خزمه‌تی تاك به تاكی كۆمه‌ڵدا بێت.
- مه‌رجه ده‌وڵه‌ت خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و خوێندن و ئاسایش و كار و ئازادییه‌كان دابین بكات.
- لای سوشیال دیموكراته‌كان گرنگه ده‌وڵه‌ت كار به رێسای ئاشتی و مه‌ده‌نیه‌ت و گوزرانی هه‌موو چینه‌كان بدات، هه‌روه‌ك پێویسته ده‌وڵه‌ت پابه‌ندی پاراستنی بڵانسی جه‌نده‌ری نێوان هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌كه بێت.
- سوشیال دیموكراته‌كان له رێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌یانه‌وێت سنورێك بۆ لێشاوی هێرشی ئیستهلاكی سه‌رمایه‌داران دابنێنن، ئه‌وان پێیان وایه ده‌كرێت ئه‌م جیهازه گه‌وره‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌نها له خزمه‌ت سه‌رمایه‌داریدا كار نه‌كات به‌ڵكو بۆ پاراستنی دادوه‌ری ناو ئه‌م سیسته‌مه كار بكات.
- سوشیال دیموكراته‌كا كار بۆ ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن كه ده‌ستور و یاسا و مۆراڵه كۆمه‌لآیه‌تی و سیاسیه‌كه‌ی پا به‌ند نه‌بیچت به ده‌سه‌لآت و كاره‌كته‌ر و مه‌زهه‌بێكی ئاینی، واته ده‌سه‌لآت ده‌بێت ملكه‌چ بێت بۆ ڕه‌خنه و لێپرسینه‌وه و چاودێریكردن.
- لای سوشیال دیموكراته‌كتن سه‌رانی ده‌وڵه‌ت ده‌بیچت به هه‌ڵبژرادن بێنه سه‌ر كورسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی هه‌روه‌ك ده‌بێت له رێگه‌ر ریفراندۆم و خۆیشاندانیشه‌وه ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه له‌كار بخرێن له كاتێكدا ئه‌دای كاریان باش نه بوو بێت.
- سوشیال دیموكراته‌كان گوتاری سیاسی و تێگه‌یشتنی هاوسه‌رده‌میان هه‌یه بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری پێیان وایه ده‌بێت ئه‌م سیسته‌مه له‌رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه رێكبخرێت و رێگه نه‌درێت سه‌رمایه‌داری سیسته‌مێك بێت پر له چه‌وساندنه‌وه و بێكاركردنی زۆرینه‌ی كرێكاران و پیشه‌وه‌ران، به‌م تێگه‌یشتنه ده‌شێت سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیسته‌می ئابوری ئازاد و سیسته‌می لیبرالی سیاسی له‌ناو نه‌برێت به‌لآم وه‌ك سنور دانان و ریزبه‌ندكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داران كه گونجاو بێت له‌گه‌لأ سروشتی ئازادییه‌كانی مرۆڤ و بژێوی و به‌ختیاری تاكه‌كان هه‌می سه‌ره‌كی سوشیال دیموكراته‌كانه.
دیاره سوشیال دیموكراته‌كان بۆ به هێزكردنی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت تا ئه‌و كاته هه‌وڵ بۆ ئه‌و به‌هێزییه ده‌ده‌ن كه ده‌وڵه‌ت له خزمه‌ت تاك و جڤاد و كۆمیونتیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگادا بێت، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت سنوری ده‌سه‌ڵات و هێزی خۆی نه به‌زێنێت سوشیال دیموكراته‌كان باوه‌رێكی زۆریان به سه‌ندیكا و یه‌كێتیه‌كانی ناو پێشه‌وه‌رییه‌كان هه‌یه، ئه‌وان له رێگه‌ی ئه‌و یه‌كێتی و سه‌ندیكانه‌وه به‌رده‌وام فشارێكن به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌وه تا ده‌وڵه‌تیش نه‌بێت لایه‌نگیری چینێك له‌سه‌ر حسابی چینه‌كانی تر.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین سوشیال دیموكراته‌كان ته‌نها به‌وه رازی نابن ده‌وڵه‌ت وه‌ك ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یكی گرنگ هه‌بیت، به‌ڵكو بیر له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران و ره‌فاهیه‌ت بێت بۆ هه‌موو تاكێكی ناو كۆمه‌ڵگا.
|