"خوێندنه‌وه‌یه‌ى بیر و باوه‌ڕه‌كانى ئێرنستۆ لاكلاو، تیۆریسیه‌نى سیاسیى پۆست ماركسیزم"
ئا: ئه‌كره‌م میهرداد
ئێرنستۆ لاكلاو له ئه‌رجه‌نتین هاتۆته دنیاوه. له زانكۆى بۆینس ئایرس و ئۆكسفۆرد خوێندوویه‌تى و له ساڵى 1973 به دواوه، له به‌شى تایبه‌ت به زانستى ده‌وڵه‌ت له زانكۆى ئێسكس ده‌رسى داوه‌ته‌وه. له ساڵى 1971، له دواى نووسینى ره‌خنه‌ى توندى خۆى له نووسینه‌كانى "گۆنده‌ر فرانك" له وتارێكدا به ناوى "دره‌به‌گایه‌تى و سه‌رمایه‌دارى له ئامریكاى لاتین" ناوى لاكلاو له ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵه ماركسیستیه‌كاندا كه‌وته ناو ناوان. له‌م وتاره‌دا لاكلاو هه‌ژاریى شیكردنه‌وه‌ى تیۆریى ماركسیسته‌كانى پێشووى راگه‌یاند، كه سه‌رمایه‌دارییان تا راده‌ی دیدگاى "سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م"ى بازار و ئابوورى ده‌هێنایه خواره‌وه. لاكلاو رایگه‌یاند كه ئه‌م بیروبۆچوونانه لاوازن، به‌تایبه‌ت سه‌رباره‌ت به تێگه‌یشتنى تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى ئامریكاى لاتین، ئه‌و كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌داریانه‌ى كه فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و ئیدیۆلۆژى به ئه‌ندازه‌ى بازاڕ گرنگیان هه‌یه.
ئێرنستۆ لاكلاو به هاوكاریى "شانتاڵ مۆف" له كتێبى "سه‌روه‌رى و ستراتیژى سۆسیالیستى، به‌ره‌و سیاسه‌تى رادیكاڵ" ساڵى 1985 ده‌ست پێشكه‌ریه‌كى تیۆرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى باس ده‌كات، كه ئامانجه‌كه‌ى ژیانه‌وه‌ى چه‌مكى چالاكیى سیاسیه.
لاكلاو به‌هۆى زاراوه و چه‌مكه‌كانى "ئه‌گه‌رى توانایى" امكانیت، ناكۆكى و نه‌یارى Antagonism و سه‌روه‌رى Hegemony ده‌ڵێت: هیچ بونیادێكى كۆمه‌ڵایه‌تى به ته‌واوى تاك ره‌هه‌ند و داخراو نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه تایبه‌تمه‌ندیى سه‌ره‌كى هه‌ر بونیادێك ئه‌وه‌یه كه جێگۆڕکێ Dislocation ده‌كات، تایبه‌تمه‌ندیه‌ك كه رێگا بۆ چالاكى ئاڵوگۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆش ده‌كات. لاكلاو، هه‌روه‌ك ئالان تۆرین، ئاراسته‌یه‌كى گه‌شبینى و ئومێده‌وارى به سیاسه‌ت هه‌یه. ئه‌مه‌ش دروست له‌و كاته‌دایه كه نائومێدى پۆست مودێرنه گه‌لێك شتى له هه‌ستى نه‌توانیندا نوقم كردووه. لاكلاو هه‌ر له‌و كاته‌دا كه ده‌ڵێت: هیچ كه‌سێك نیه كاریگه‌رى بونیاد و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى له‌سه‌ر نه‌بێت _تا ئه‌وكاته‌ى كه ئه‌م بونیاد و په‌یوه‌ندیانه به‌شێك له ناسنامه‌ى كه‌سه‌كان دیارى ده‌كات_ له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وه‌ى له‌بیر ناچێت كه ناسنامه‌كان به ته‌واوى له لایه‌ن ئه‌و بونیاده‌وه دیارى ناكرێن، به‌ڵكوو بۆشایى یان كه‌لێنێك بۆ (خودسالارى) بوونى هه‌یه. ئه‌گه‌رچى ئه‌م بۆشاییه به‌هۆى جێگۆڕكێى هه‌مان بونیاده‌وه پێكدێت. له ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناسنامه‌كان له رێگاى كاره سیاسیه به‌هێزه‌كانه‌وه شێوه ده‌گرن، كه ئه‌وانیش نوێنه‌رى ناكۆكى كۆمه‌ڵایه‌تى جۆراوجۆرن و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پێكه‌وه په‌یوه‌ندیدارن یان به یه‌كترى ده‌به‌سترێنه‌وه. لاكلاو ئه‌م كارانه به "سه‌روه‌رى" یان هه‌ژموون ناو ده‌بات، له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگا ده‌توانین بڵێین كه سه‌روه‌رى، ناسنامه‌یه‌كى كاتیه بۆ بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى.
لاكلاو له ناودارترین كتێبى خۆى كه هه‌مان كتێبى "سه‌روه‌رى ستراتیژى سۆسیالیستى"یه، پێش هه‌موو شتێك به شیكردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌گرانه‌ى میراتى ماركسیستى ده‌ست پێده‌كات و به‌تایبه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ى ناسنامه و لایه‌نى مه‌عریفه‌ناسى چینى كرێكار.
دیدگاى پرسى گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى و پاشان فه‌رهه‌نگى كه دیدگاى ره‌سه‌ن یان مه‌كته‌بیه له ناو ماركسیزمى نێونه‌ته‌وه‌یى دووهه‌م كه كارڵ كائۆتسكى تیۆرسازى ئه‌م روانگه‌یه‌یه و سۆسیالیزم به‌رئه‌نجامێكى مێژوویى و داهاتوویه‌كى حه‌تمیه له یاساكانى مێژوو. لاكلاو ئه‌م تیۆر و دیدگایه به جه‌برگه‌رایى ناو ده‌بات و ده‌یداته به‌ر ره‌خنه. هه‌ر به‌و جۆره نه‌یاران و ره‌خنه‌گرانى ئه‌م جه‌برگه‌راییه‌ش ره‌خنه ده‌گرێت و ره‌وته جیاوازه‌كانى ماركسیزمى ریفۆرمیست (كه پارتى كرێكاران نوێنه‌رى ئاشكراى ئه‌م ره‌وته‌یه) یان ماركسیزمێك كه ده‌یویست نوێكارى (تجدید نڤر) له بڕوا و ئامۆژگاریه‌كانى ماركسدا به‌دى بهێنێ (كه بێگومان ناودارترین قسه‌كه‌رى ئه‌م شێوه تازه‌یه‌ى بیركردنه‌وه ئیدوارد برنشتاینه) یان سه‌ندیكالیزمى شۆڕشگێڕ (كه جۆرج سۆریل نوێنه‌رى دیارى ئه‌و ره‌وته بوو له فه‌رانسه). ئه‌مانه هه‌موویان له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوون كه به‌دیهێنانى گۆڕانكاریى كۆمه‌ڵایه‌تى به هۆكارى سیاسى یان ئیدیۆلۆژیك ببه‌ستنه‌وه، واته ئه‌مان ده‌یانویست دیدگاى فه‌رهه‌نگى یان (سه‌رخان) بكه‌نه هۆكار و بیركردنه‌وه‌ى بڕیارده‌ر بۆ گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى.
پاشان له ساڵانى ده‌یه‌ى 1920، گرامشى به نوێكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان (ژێرخان_سه‌رخان) ده‌ستى پێكرد و ده‌ورى بڕیارده‌ر و كاریگه‌رى بۆ فه‌رهه‌نگ و رووناكبیران له دۆزینه‌وه‌ى گۆڕانكارى مێژوویی‌دا په‌سند كرد. له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌م دیدگا سیاسى و ئیدیۆلۆژیكانه‌دا لاكلاو نیشانی‌دا كه ماركسیزمى كلاسیك (یان رابردوو) جه‌برگه‌را و خودگه‌رایه. هۆكارى ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌وه نیه كه رۆڵى نایاب یان پێشڕه‌و دراوه به ئابوورى، به‌ڵكوو به‌وجۆره‌شه كه ئاڵتۆسێر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى كه سه‌رچاوه‌ى گۆڕ‌انى سه‌رمایه‌دارى به چینى كرێكار داوه، ماركسیزمى ئابووریگه‌را و ماركسیزمى فه‌رهه‌نگ گه‌راییشه، كه بێگومان شێوه‌یه‌كه له دیدگاى خودگه‌رایى Essentialism، چونكه هه‌روه‌كوو لاكلاو ده‌ڵێت: "رووناكبیرانى سۆسیالیست، ناسینى بابه‌تیى دڵخوازى خۆیان له چینى كرێكاردا به‌دى ده‌كه‌ن و هه‌ر به‌و پێیه‌ش خۆیان و كاره‌كه‌یان به‌و چینه ده‌به‌ستنه‌وه".

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى جه‌برگه‌رایى و خودگه‌رایى ماركسیزمى رابردوو، ده‌بێت چوارچێوه‌یه‌كى تیۆرى نوێ په‌یدا بكه‌ین. واته ده‌بێت هه‌وڵێك بده‌ین كه بتوانێ لایه‌نه شاراوه به‌هێزه‌كانى ئازادى به‌خشى ئاشكرا بكات، كه ئه‌مه‌ش جۆرێكه له گۆڕان و (ناجێگیر بوون)ى رێژه‌یى كه به‌هۆى "گۆڕان و ناجێگیرى هه‌ر ناسنامه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاڵوگۆڕ ده‌كات". ئێستا هه‌ر تیۆرێكى به‌رهه‌مدار ده‌بێت له‌م جێگایه‌وه ده‌ست پێبكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى جه‌برى و ناچارى له نێوان سۆسیالیزم و كارگه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى دیاریكراودا (نموونه‌ى چینى كرێكار) بوونى نیه و هیچ پرسێكى نایاب، كه ده‌بێته هۆى به په‌راوێز بوونى پرسه‌كانى دیكه، ناتوانێت ببێته سه‌رچاوه‌ى سیاسه‌تێكى پێشكه‌وتووخواز. هه‌موو شتێك له په‌یوه‌ندى نێوان بكه‌ره جیاوازه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌بێت، كۆمه‌ڵگا ده‌بێت له‌مه‌ودوا كۆمه‌ڵێك بۆچوونى وا نه‌بێت كه به‌هۆى یاسا ناچاریه‌كانه‌وه دیارى بكرێت.
ئه‌گه‌رچى لاكلاو، لایه‌نى جه‌برگه‌رایى دیدگاى بونیادیى ئه‌ڵتۆسێر ده‌رباره‌ى ئابوورى وه‌كوو هۆكارى كۆتایى په‌سند ناكات، به‌ڵاام چه‌مكى "ئه‌وپه‌ڕى بڕیاردان" Over Determination، كه ئاڵتۆسێر به قه‌رز له فرۆید وه‌ریگرتووه، ده‌كاته دیدگاى خۆى. بڕیاردانى ئه‌وپه‌ڕ، شێوه‌یه‌كى نمادین ده‌دات به چه‌مكى ناسنامه‌كان، به‌ڵام ئێستا ده‌توانرێت چه‌ندین سه‌رچاوه بۆ ناسنامه‌كان بناسین. چه‌مكى ئه‌وپه‌ڕى دیاریكردن و شێوه‌ى روخساریى ناسنامه‌كان ئه‌وه له‌خۆ ده‌گرن كه بكه‌رى كاریگه‌ر له سه‌رووى ئه‌مانه‌وه له فره سه‌رچاوه و فره وتاره‌كان ره‌وایى خۆى وه‌رده‌گرێت. سه‌رئه‌نجام ناسنامه یان بكه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى كاریگه‌ر له لاى لاكلاو ده‌بێته: "به‌گشتى كردنى ئه‌و بیرۆكه‌یه له ئاراسته‌ى فره و جیاوازدا، كه به‌رهه‌مه‌كه‌ى ده‌بێته به‌شدارى و هاوبه‌شى له پرسى هاوچه‌رخدا كه گرامشى ناوى ده‌نێت "جیهانى بچووككراوه‌ى هه‌ژموون". مه‌به‌ست له‌مه‌ش بوونى چه‌ندین ناوه‌ندى هاوكار و پێكه‌وه به‌ستراوه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان ئامانجێكى دیاریكراو یان سنووردارى ده‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى نیاز و خه‌یاڵى به كۆمه‌ڵ جۆرێك یان شێوه‌یه‌ك له سه‌رله‌نوێ پێكه‌وه گرێدان و پلۆرالیزم به‌رهه‌م ده‌هێنێ. ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه سه‌ره‌ڕاى هاوكارى و پلۆرالیزم، هیچ نیاز یان بانگه‌وازێكى كۆتایى ناتوانێت نه‌خش و هیواى به‌شه پێكهێنه‌ره‌كان له قاڵب بدات یان تووشى كه‌مایه‌سیان بكات. چونكه ئه‌م ناوه‌رۆكه هاوبه‌ش و هاوكاره به‌رده‌وام له گۆڕاندایه. ئه‌نگیزه‌ى ئه‌م گۆڕانه‌ش له نیاز و پێداویستیه‌كاندایه. په‌یوه‌ندى و هاوكاریى نێوان توخمه هاوبه‌شه‌كان به‌رهه‌مێكى دیكه ده‌بێت كه ده‌توانێ بۆشایى كۆنترۆڵنه‌كراو پڕ بكاته‌وه، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش ناوى هه‌ژموونه كه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى پێكهێنانى ناسنامه‌ى به كۆمه‌ڵ و پلۆرالیستى".
سه‌رئه‌نجام چه‌مكى سه‌ره‌كى له تێگه‌یشتنى سیاسه‌ت لاى لاكلاو ده‌بێته پرسى په‌یداكردنى سه‌روه‌رى (هه‌ژموون)، كه پرسى سازماندانى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌یوه‌ندى ئه‌و سازماندانه‌یه به سیستمى سیاسیه‌وه. له كۆمه‌ڵگاكانى رۆژئاوادا، ئه‌م پرسه له كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیدا ده‌رئه‌كه‌وێت، كه مه‌به‌ست له رێكخستن و په‌یداكردنى سیستم یان نه‌ریتى تایبه‌تى و سه‌ربه‌خۆیه له كایه‌ى سیاسى یان (كۆمه‌ڵى سیاسى)، به‌ڵام له دنیاى رۆژهه‌ڵات یان (جیهانى باشوور)دا خه‌باتى مه‌ده‌نى و جه‌ماوه‌رى یان (شۆڕشگێڕى) وه‌كوو ئه‌ڵته‌رناتیڤى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى خۆى ده‌نوێنێ. له هه‌ردوو جیهانى باكوور و باشوور یان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، تێگه‌یشتن له نه‌خشى ناسنامه‌ى به‌كۆمه‌ڵه (به‌و شێوه‌یه‌ى كه لاكلاو باسى ده‌كات) له زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى یان له بوارى خه‌بات و شۆڕشگێڕیدا، ئه‌م دوانه ناتوانن به‌هره‌مه‌ند بن له خۆسازماندانى ته‌واو یان گشتى، ئه‌گه‌رچى شێوه‌یه‌ك یان هه‌ندێك لایه‌نى سیستماتیك یان نه‌ریتى سه‌ربه‌خۆ یان رێكخستنى خودى هه‌بێت. سه‌رئه‌نجام پرسى نوێنه‌رایه‌تى كردنى سه‌رجه‌مى كۆمه‌ڵگا (كه ده‌بێته په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ژموون و سه‌روه‌رى) ده‌بێته پرسى سه‌ره‌كى له چالاكى سیاسی‌دا. به‌ڵام له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كه كه‌وتوونه‌ته ئاستانه‌ى گۆڕانه‌وه (وه‌كوو باشوورى كوردستان) یان ئومێدى شادبوون به ئاستانه‌ى گۆڕان به‌شێكه له نیاز و خه‌یاڵى خه‌ڵك (وه‌كوو كوردستانى باكوور و رۆژهه‌ڵات) ریفۆرم و گۆڕانكارى رادیكاڵ واته دابڕانى ته‌واو له‌گه‌ڵ رابردوو ده‌بێته زه‌مینه‌ى بڕیارده‌ر بۆ پرسى سه‌روه‌رى و هه‌ژموون یان سیاسه‌تى پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى سه‌پێندراو. زۆرانبازى و كێشه‌كان له‌سه‌ر هه‌ژموون هه‌تا دێت به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌موو لایه‌كیش له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا ده‌بێت كه بۆشایى ده‌ره‌وه‌ى كۆنترۆڵى ناسنامه و هه‌ژموونى خۆى پڕ بكاته‌وه، كه هه‌ندێكجار له رێگاى هێزى دیاریكراوى ناچاوه‌ڕوانكراو (فاشیزم و نازیسم) یان به‌رنامه‌ى دیاریكراو و هه‌ندێك جاریش رێكه‌وتى مێژوویى یان زۆرانبازى به رێكه‌وت ده‌توانێت ئه‌م بۆشاییه پڕ بكاته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانى ره‌وتى ئیسلامى له كوردستانى باشوور یان ده‌نگدانى كوردى باكوور به حیزبى عه‌داله‌تى ئیسلامیى توركى، شێوه‌یه‌كن له‌و رێكه‌وته یان زۆرانبازیه رێكه‌وتانه كه له ئه‌نجامى بۆشایى سیاسى سیاسه‌تى ناسیۆنالیستى كودیه‌وه په‌یدا بووه.
هه‌لومه‌رج و تواناى سیاسى، یان ئه‌گه‌رى بوون و نه‌بوونى ئیمكانیه‌تى سیاسى په‌یوه‌سته به ناسین و پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له لایه‌ن سه‌روه‌رى و هه‌ژموونه‌كانه‌وه. هه‌لومه‌رجى هه‌ژموونیش یان سه‌روه‌ریش به‌نده به بوونى بۆشایى سیاسى له كاتێكى دیاریكراوى مێژوویی‌دا، كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵ یان هێزه سیاسیه‌كانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌ى ده‌درێت. یه‌كێك له پێداویستیه گرنگه‌كانى هه‌لومه‌رج و تواناى سیاسى (امكانیت) په‌یوه‌سته به ئه‌فراندنى زمان و وتارى سیاسى كه په‌یوه‌ندیى نێوان خه‌ڵك (بۆشایى سیاسى) و نوێنه‌رى سیاسى (كاراكته‌ر یان چالاكوانانى سیاسى). ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ش دوو لایه‌نه‌یه به لۆجیكى په‌یوه‌ندى و كاریگه‌رى نێوان هه‌ردوو لا. وتار و زمانى سیاسى (یان مێژوویى به ده‌ربڕینى ماركسیستى) په‌یوه‌ندیداره به‌و ئاست یان ئاستانه‌ى كه تا چ راده‌یه‌ك ئه‌و وتار و زمانه سیاسیه ده‌توانێ داواكاریه جیاوازه‌كان له‌خۆ بگرێ و به‌شێوه‌یه‌كى فكرى و تیۆرى فۆرمۆله‌ى بكات. باڵاتر بوونى وتار و زمانى دیمو‌كراتى به‌سه‌ر دیدگاى سۆسیالیستی‌دا له‌م زه‌مینه‌یه‌دا شایانى بیركردنه‌وه و ره‌خنه‌گرتنه له ناسنامه و وتارى سیاسى سۆسیالیستى رابردوو.
تێگه‌یشتن و ئه‌فراندنى ناسنامه‌ى به‌كۆمه‌ڵ، په‌یداكردنى وتار و زمانى سیاسى (مێژوویى) و پێویست له‌كاتى خۆیدا و گۆڕانكارى له‌و زمان و وتاره‌دا له سه‌رده‌مى گۆڕاندا بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى سیاسى و داهێنانى سه‌روه‌رى و هه‌ژموون، ده‌مانگه‌یه‌نێته سنووره‌كانى ئه‌وپه‌ڕى دیاریكردن و بڕیاردان و خودانمان ده‌كات له هه‌لومه‌رج و تواناى سیاسى (امكانیت) و لێره به‌دواوه له‌و چه‌مكه گرنگه‌ى ماركس باشتر تێده‌گه‌ین، كه (ئازادى) ده‌بێته تێگه‌یشتن له دنیاى پێداویستى (چرورت) و رزگاربوون له هه‌ژموونى یاسا ناچاریه‌كان. ئه‌م ره‌وشه یان هه‌لومه‌رجه ده‌توانێت شتێك به‌رهه‌م بهێنێ یان دابهێنێ كه ناوه‌كه‌ى ده‌بێته ئیراده‌ى گشتى (وه‌كوو راپه‌ڕینى باشوورى كوردستان، یان به‌شداریى خه‌ڵكى رۆژهه‌ڵات له خه‌باتى سیاسى و پێشمه‌رگانه‌ى كۆتایى ده‌هه‌ى په‌نجاكان و سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كانى هه‌تاوى، یان پابه‌ندبوونى خه‌ڵكى باشوور به خه‌باتى سیاسى و نهێنى له ده‌هه‌ى 1980) ئه‌م ویسته گشتى و جه‌ماوه‌ریه ده‌بێته سوژه و بكه‌رى مێژوویى كه بێگومان پێكهاته‌یه‌كى ئاڵۆزه له هێزه‌كان یان "جیهانى بچووككراوه‌ى ده‌سه‌ڵات_گرامشى". ئه‌م وتار و پێكهاتانه ده‌توانێ ئاراسته‌یه‌كى شاد و ئومێده‌وار به سیاسه‌ت ببه‌خشێ، یان هه‌روه‌كوو لاكلاو بیر ده‌كاته‌وه سه‌روه‌رى و هه‌ژموونى سۆسیالیستى و شۆڕشگێڕ ده‌توانێ ستراتیژێكى نوێ به‌ره‌و سیاسه‌تى رادیكاڵ بسازێنێ.
نووسه‌رانى "سه‌روه‌رى و ستراتیژى سۆسیالیستى" له‌و بڕوایه‌دان كه هه‌رچه‌ند ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه له زه‌مینه‌ى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تیدا هیچ بوونێك نیه كه لایه‌نى نمادین یان (وتارى) نه‌بێت، به‌ڵام نابێت راستى و واقعیاتى ژیان تا راده‌ى نماد و وتار كه‌م بكرێته‌وه. له مه‌یدانى په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هیچ جیاوازیه‌ك له نێوان كاره‌كانى وتار و جیا له وتار بوونى نیه، واته مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه ئایا ده‌توانین له بوارى مه‌عریفه‌ناسیدا له‌سه‌ر خاڵێك یان پرسێك به رێكه‌وتن بگه‌ین یان نا. ئامانجى هه‌ژموون و سه‌روه‌رى سۆسیالیستى هه‌وڵدانه بۆ ده‌ربازبوون له دیدگاى خودگه‌رایى و چوون یه‌ك كردنى سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگا، خودگه‌رایى زه‌مینه‌ى په‌یدابوونى رژێمه بونیادگه‌را و تۆتالیتاره‌كانى نازیسم و كۆمۆنیزمى رووسیه.
پرسێكى دیكه‌ى دیدگاى لاكلاو مه‌سه‌له‌ى چۆنیه‌تى په‌یدابوونى ناسنامه‌كانه، كه ناسنامه نه دیارده‌یه‌كى نه‌گۆڕه _واته نابێت نزم بكرێته‌وه بۆ ئاستى خودسالارى_ و نه یه‌كسانیشه به بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى. ناسنامه‌ى واقعى نه به ته‌واوى نه‌گۆڕه و نه به ته‌واوى گۆڕاوه، به‌ڵكوو به‌رهه‌مى ململانێ و ناكۆكى نێوان بوون (بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى) و تواناییه (خودسالارى). كۆڵه‌كه‌ى ناكۆكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، په‌یوه‌ندى نێوان ناسنامه‌كان دیارى ده‌كات. ناوه‌رۆكى كتێبى "سه‌روه‌رى و ستراتیژى سۆسیالیستى) ئه‌وه‌یه كه ناكۆكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌نها به به‌ڵگه و كاریگه‌رى ژێرخانى دیارى ناكرێن، به‌ڵكوو سه‌روه‌رى و كاریگه‌رى هه‌ژموونه‌كان له فۆرمى ئیراده‌ى گشتیدا ده‌توانێت نه‌خشى دیاریكه‌رى هه‌بێت، به‌ڵام دیسان ئه‌م نه‌خشه‌ش كاتیه و له سه‌رده‌مى گۆڕاندا ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشى ئاڵوگۆڕه‌كان.
ئامانجى باڵاى لاكلاو له شیكردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى رادیكاڵ و بزاڤى سۆسیالیستى ئه‌مڕۆدا ئه‌وه‌یه كه نیشانى بدات كه پرسه‌كان و بزووتنه‌وه هاوچه‌رخه‌كانى (فمینیزم، ژینگه‌پارێزى، فره فه‌رهه‌نگى و پلۆرالیزمى سۆسیالیستى، بزووتنه‌وه‌كانى ئاشتیخوازى دژى جه‌نگ و چه‌كى ئه‌تۆمى و كۆكوژ، بزووتنه‌وه‌كانى كرێكارى ده‌ره‌وه‌ى كۆمۆنیزم و سۆسیال دیموكراسى، بزاڤه‌كانى لاوان و خوێندكاران و سه‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه رادیكاڵه‌كانى رزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى) ده‌بێت وا لێیان تێبگه‌ین كه به‌شێوه‌ى په‌یوه‌ندى و كاریگه‌رى نێوان بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى و خودسالارى په‌یدابوون. ئه‌م بزاڤانه نابێت وه‌كوو دیارده‌ى خه‌باتى چینایه‌تى یان پرسى ئابوورى په‌تى لێك بدرێنه‌وه، هه‌روه‌كوو به هه‌مان شێوه‌ش ناتوانین و نابێت كه ئه‌و بزووتنه‌وانه له جێگاى خه‌باتى چینایه‌تى كرێكاران دابنێین. واته ئه‌ڵته‌رناتیڤى خه‌باتى كرێكارى نین له زه‌مینه‌ى خود یان بكه‌رى مێژوویی‌دا. به‌ڵكوو بكه‌ر و خودى مێژوویى ئاڵوگۆڕ هێنه‌ر، چه‌ند خو و بكه‌رى فره و به كۆمه‌ڵن كه هه‌روه‌كوو ئاماژه‌مان پێدا به‌دیهێنه‌رى ناسنامه‌ى به كۆمه‌ڵ و ئیراده و سه‌روه‌رى گشتین. له هه‌مان كاتدا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه هیچكام له‌م بزاڤانه نوێنه‌رى گشتیى كۆمه‌ڵ و مێژوو نین، هه‌روه‌كوو چۆن چینى كرێكار یان دیدگایه‌كى دیاریكراوى سۆسیالیستى (بۆ نموونه ماركسیزم) نوێنه‌رى گشتى و بێ ئه‌ملاولاى كۆمه‌ڵگا و گۆڕانكارى نیه. ئه‌فراندنى ناسنامه‌ى به‌كۆمه‌ڵ له زه‌مینه‌ى بونیاد_خودسالاریدا، ده‌توانێت شێوه‌یه‌ك له پلۆرالیزمى سۆسیالیستى یان پلۆرالیزمى (سۆسیالیستى دیمو‌كراتى) په‌یدا بكات، كه ده‌بێته ناسنامه‌ى رادیكاڵ و مرۆڤدۆستى ئه‌م سه‌رده‌مه.
لاكلاو مژده‌ى ئه‌وه‌مان ده‌داتێ كه سه‌رده‌مى ئێستا، كاتى به‌سه‌رچوونى جه‌برگه‌راییه و سیاسه‌ت (كه ناوه‌كانى دیكه‌ى ده‌بێته سه‌روه‌رى، توانایى، ده‌سه‌ڵات، هه‌ژموون و ئیراده) ده‌توانێ وه‌كوو چالاكى خودسالارى ده‌ورى راستینه‌ى خۆى له مزمه‌تى مرۆڤدا ببینێ و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لاكلاو ده‌ڵێ: په‌یدا كردنى ناسنامه‌ى به‌كۆمه‌ڵ، كارى سه‌روه‌رى و هه‌ژموونه و ئه‌م ناسنامه‌یه‌ش له ده‌وره‌یه‌كى دیاریكراودا هه‌ر هه‌مان هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاته. به‌ڵام یه‌كێك له ئاكامه نێگه‌تیڤه‌كانى یه‌كسان و چون یه‌ك كردنى ناسنامه‌ى گشتى و ده‌سه‌ڵات (ده‌وڵه‌ت) مه‌سه‌له‌ى په‌یدابوونى خودسالارى و تاكگه‌رایى ئه‌مریكاییه، كه ناڕاسته‌وخۆ بڕیارى ئه‌وه ده‌دات كه تاك له پێش كۆمه‌ڵه‌وه‌یه و تاك (مۆناد)ى خودسالار و دابه‌شكراو بڕوا به‌و پێش مه‌رجه ده‌كات كه بونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى هیچ نیه جگه له‌وه‌ى كه تاك باوه‌ڕى تاكه‌كان دیارى ده‌كات. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا فره‌گه‌رایى یان پلۆرالیزمى ناسنامه‌ى به كۆمه‌ڵ، بڕواى به‌وه‌یه كه بناغه‌ى تاك گه‌رایى خودسالار به ته‌واوى به‌رئه‌نجامى دروست و ته‌واوى نوخبه‌گه‌رایى سه‌رمایه‌دارانه‌یه. به‌مشێوه‌یه نوخبه‌گه‌رایى و تاكگه‌رایى دوو رووى سكه‌یه‌كن (پاره‌یه‌كن) كه ئه‌و سكه‌یه‌ش جه‌برگه‌راییه. هه‌ردووكیان به‌شێوه‌ى خۆیان كۆتایین بۆ سیاسه‌ت و زیندووكه‌ره‌وه‌ى ئه‌فسانه‌كانى رابردوون. ئه‌فسانه‌ى تاكگه‌رایى ئه‌مریكایى و ئه‌فسانه‌ى پرۆلیتاریاى رزگاریهێنه‌ر و ئه‌فسانه‌ى رۆحى خودئاگاى هێگڵ، هه‌موویان ئیلهام له جه‌برگه‌رایى سه‌رمایه‌دارى، یان جه‌برگه‌رایى و دیترمینیزمى ئابوورى و یان جه‌برگه‌رایى ئایدیالیستى وه‌رده‌گرن. لاكلاو ده‌خوازێ كه كۆتایى به‌م ئه‌فسانانه بێت، چونكه به رۆشنى دیاره كه ئه‌فسانه و سیاسه‌ت به راده‌یه‌ك دژ به یه‌كن، كه ئه‌فسانه ده‌یه‌وێت سیاسه‌ت له كارنامه‌ى رۆژگاردا نه‌هێڵێ.
سه‌رچاوه‌كان:
1_ جان لچت، پنجاه متفكر بزرگ معاصر (از ساختارگرایى تا پسامدرنیته)، ترجمه محسن حكیمى، انتشارات خجسته، چاپ اول 1377.
2_ مابعد الماركسیه، اعداد فالح عبدالجبار، منشورات دارالمدى، الطبعه الاولى 1998. وتارى "الماركسیه و جذور الهیمنه)ى ارنستو لاكلاو.
3_ رالف میلیباند، الاشتراكیه لعصر شكاك، ترجمه نوال لایقه، منشورات دارالمدى، الطبعة لاولى 1998.