
سامان حه‌مه
جه‌نگی رزگاركردنی عێراق له ده‌ست دیكتاتۆری به‌عس، جه‌نگێك بوو زیاد له چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی له پشته‌وه بوو، برێكی زۆری بیرمه‌ندان به جه‌نگی بیره نه‌وته‌كانی ئه‌ژمارده‌كه‌ن، هه‌ندێك تر له به‌رنامه‌ی پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا حساباتی بۆ ده‌كه‌ن، به‌لای هه‌ندێك نوسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری تر به جه‌نگی دژه تیرۆری ده‌زانن له ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئه‌مه‌ریكا، دروست هه‌ندێك له كۆنه كۆمۆنیسته‌كان رایانوایه ئه‌مه جه‌نگی پاوانكردن و فراوانكردنی سه‌رمایه‌دارییه كه دواتر خۆی گۆری خۆی هه‌ڵده‌كه‌نێ"به تێگه‌یشتنی ماركسی".
راستتر ئه‌م جه‌نگه چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تی هه‌بوو، له پێش هه‌موویاندا ئه‌م جه‌نگه له‌سه‌رده‌می سیسته‌می دیجتاڵدا روویدا، راستر له‌سه‌رده‌می گه‌شه‌سه‌ندنێكی بێسنوری پرۆگرامه كۆمپیوته‌ری و دیجیتاڵیه‌كاندا روویدا، موشه‌كه زیره‌كه‌كان له رێگه‌ی مانگه ده‌ستكرد و كۆمپوته‌ره‌كانه‌وه ئاراسته‌ی ئامانجه‌كان ده‌كرا، سه‌ربازه‌كان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ئاگایان له‌یه‌كتر بوو، تانكه‌كان به سیسته‌مێكی دیجیتاڵی و كۆمیوته‌ری جوڵه‌یان ده‌كرد، هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك سیسته‌مێكی ئه‌لكترۆنی وردی دیجیتاڵی له‌پشته‌وه بوو، بێگومان له‌شكری ئه‌و كاته‌ی عێراقیش جگه‌له‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی وره‌ی رووخابوو، به‌ڵام بێ به‌ش بوو له‌هه‌ر جۆره ته‌كنیكێكی نوێ، دیاره ده‌رئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگه‌یش دیاربوو لایه‌نی پێشكه‌وتووی ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتاڵی ده‌یباته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا بوو.
ره‌هه‌ندێكی تری ئه‌م جه‌نگه بریتی بوو له شوێن، له‌م جه‌نگه‌دا شوێن وه‌ك ستراتیژی سه‌ربازی ئه‌همیه‌تێكی ئه‌و تۆی نه‌ما له‌به‌رامبه‌ر ته‌كنیك و ته‌كنلۆژیای سه‌ربازی نوێ، موشه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ده‌ریای سوره‌وه چیا بڵنده‌كانی هه‌ورامانی پێكا، سه‌دان موشه‌ك و بۆمب له ده‌ریا دووره ده‌سته‌كانه‌وه به‌غدای پێكا.
تا ئێره جه‌نگه‌كه وه‌ك دوو ركابه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یباته‌وه، به‌ڵام كه دێینه سه‌ر ژماره‌كان، ئه‌و ژمارانه‌ی دووباره سیسته‌می دیجیتاڵی سات به‌سات تۆماری ده‌كات رووبه‌روی ژماره‌ی سه‌یر و قه‌به ده‌بینه‌وه، بۆ نمونه سیناتۆری دیموكراتیه‌كانی ئه‌مریكا ئیكی سكلتون كه هه‌ر خۆی سه‌رۆكی لیژنه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له كۆنگرێس ڕه‌خنه‌ی توندی له هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی عێراق و ئه‌مه‌ریكا گرت به‌وه‌ی له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا ئه‌و بره پاره‌یه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا له‌رێگه‌ی دانی باجه‌وه ده‌یده‌ن له‌م جه‌نگه‌دا خه‌رجده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق خۆی بكات به خاوه‌نی، دیاره تائێستا بری600 ملیار دۆلاری له به‌رێوه‌چوونی ئه‌م جه‌نگه‌دا خه‌رجكراوه. ڕه‌نگه ئه‌و بره تێچونه زۆره‌ی ئه‌م جه‌نگه بێت وای له ئیكی سكلتون كردبێت بڵێت"له كاتێكدا وڵات تووشی هه‌ڵیسانێكی بێ پێشینه بۆته‌وه كه‌چی عێراقییه‌كان قازانجه‌كانیان له داهاتی نه‌وت ده‌كه‌ن خه‌زێنه‌یه‌كی جیاواز له بودجه‌كه‌یان كه ده‌بوو به‌كاریان بهێنایه بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه"، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و بره زۆره‌ی تیچوونی جه‌نگی رزگاركردنی عێراق وای له ئه‌مه‌ریكا كردووه زۆرتر پابه‌ندی كاری دبلوماسی بێت نه‌ك هێز له چاره‌سه‌ركردنی دۆسیه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران.
دروست جه‌نگی رزگاركردنی عێراق جه‌نگێكی ئابوری و سیاسییه، جه‌نگێكه له‌سه‌ر دوو پێی ئابوری و سیاسی راوه‌ستاوه، عێراق له رووی سیاسیه‌وه گۆرانێكی ریشه‌یی به‌خۆوه بینیوه، سیسته‌می به‌عس و داروده‌سته داپڵوسێنه‌ره‌كه‌ی كۆتاییان پێهات و سه‌رانی ئه‌و رژێمه زۆربه‌یان گیران و هه‌ندێكیان به خودی سه‌دام حسێنه‌وه له سێداره دران، و ئه‌وانه‌ی كه ماویشن و ده‌ستگیر نه‌كراون كه‌س نازانێت كوێوه كه‌وتوون!
له رووی ئابوریه‌وه عێراق گۆرانێكی چۆنایه‌تی به‌خۆوه بینیوه، سه‌دان كۆمپانیای بیانی كاری وه‌به‌رهه‌مهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، سه‌دان پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه له ئارادایه، سه‌دان ملیۆنه‌ری عێراقی په‌یدابوون، ڕه‌نگه بارودۆخی ئاسایشی عێراق به‌و جۆره‌ی ئێستا نه‌بووایه عێراق له‌چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا وه‌ك یه‌كێك له پێشكه‌وتوترین ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه ده‌ربكه‌وتایه.
دیاره له رووی سیاسیه‌وه نه‌خشه‌ی په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌كانى عێراق گۆرانی قوڵی به‌خۆوه بینیوه ئێستا له عێراقدا سیسته‌می فیدراڵی پیاده ده‌كرێت، هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكومه‌تی خۆی هه‌یه، یاسای پارێزگاكان جێبه‌جێ ده‌كرێت ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی له مێژووی عێراقدا بۆ یه‌كه‌مین جار كوردێك له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار كه به‌رێز مام جه‌لاله، هه‌روه‌ها چه‌ندین پۆستی گرنگ له عێراقدا كورد ده‌یبات به‌رێوه، له‌وانه جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زیری ده‌ره‌وه، وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كان.....هتد
ئه‌م گۆرانه ریشه‌ییه وایكردووه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقی دوای به‌عس به‌بێ كورد تووشی شكست و ئیفلیجی بێته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مه‌ریكا له‌م جه‌نگه‌دا جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین زیانی گیانی لێكه‌وتووه كه به گوێره‌ی ئاماره‌كانی په‌نتاگون زیاتر له 4000 هه‌زار سه‌بازی كوژرا و ده‌یان هه‌زاران بریندار هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا له بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقدا بری 45 ملیار دۆلاری خه‌رجكردووه، وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا سه‌دان ملیار دۆلاریش بۆ ئه‌م جه‌نگه خه‌رجكراوه، به‌لآم ئه‌مه‌ریكا چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی به‌ده‌ستهێناوه، یه‌كه‌میان له جه‌نگی دژه تیرۆردا شه‌رگه‌كانی له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكاوه گواسته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و خاكانه‌ی تیرۆریستانی لێیه، دووه‌م هه‌ره‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عسی له ناوچه‌كه‌دا كۆتایی پێهێنا بیرمان بێت به‌عس زوو زوو هه‌ره‌شه‌ی له ئیسرائیل ده‌كرد و رایانده‌گه‌یاند كه به‌ته‌نها بۆمبێك نیوه‌ی ئیسرائیل ده‌سوتێنن، واته عێراق له وڵاتێكه‌وه كه دوژمنی سه‌رسه‌خته‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو ئێستا بۆته دۆستی ئه‌مه‌ركا، خاڵێكی تر كه‌له ستراتیژی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌همیه‌تێكی زۆری هه‌یه جێگیربوونی شوێن پێی ئه‌مه‌ریكایه له كه‌نداو، ئه‌م خاڵه بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، لایه‌ك ده‌ستێكی پۆلاَیینه به‌رووی ئێران و مه‌ترسی زیادبوون و باڵا ده‌ستی نفوزی ئێران له ناوچه‌كه‌دا، له‌لایه‌كی تره‌وه كۆنترۆڵكردنی دڵی رۆژهه‌لآته كه ئه‌م كۆنترۆڵكردنه ئه‌همه‌تێكی زۆری هه‌یه له شه‌ری دژه تیرۆردا!
ئه‌گه‌رچی له‌دوای جه‌نگی رزگاركردنی عێراق نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت نزیكی 35 دۆلار چووه‌ته سه‌ری، هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری باڵی چاودێری و پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ی له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، عێراق له ماوه‌ی ساڵانی 2007 بۆ 2008 بری قازانجه‌كه‌ی له نه‌وت ده‌گاته 100 ملیار دۆلار، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا ده‌ستێكی باڵای هه‌یه به‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌نارده‌ی نه‌وت له كه‌نداوه‌وه بۆ بازاره‌كانی جیهان، ئه‌مه له كاتێكدایه ئیداره‌ی سه‌رۆك بوش پێی وایه پێویسته ئه‌مه‌ریكا له‌رووی ئابوری و سیاسیه‌وه ئیداره‌ی ئه‌م شه‌ره بكات، هه‌ر زوو پشت له‌م جه‌نگه نه‌كات كه دژ به دووژمنێكی ترسناكی وه‌ك تیرۆریستانه، هۆكاری سوربونی سه‌رۆك بوش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه كه جارێكی تر ئه‌مه‌ریكیه‌كان به ده‌ستی خۆیان جه‌نگی دژه تیرۆر نه‌گوازنه‌وه بۆ ناو شه‌قامه‌كانی واشنتۆن و نیورۆك و لۆس ئه‌نجلوس... چونكه نه‌خشه‌ی گواستنه‌وه‌ی جه‌نگی دژه تیرۆر له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكاوه بۆ سه‌ر لانكه‌ی تیرۆریستان تێچونێكی مادی و گیانی هێجگار زۆر كه‌وتووه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا.